fbpx

Pzishk

شێرپەنجە

8 نیشانە سەرەتاییەکانی شێرپەنجە کە نابێت فەرامۆشیان بکەیت

شێرپەنجە ئەو ناوەیە کە دەدرێت بە کۆمەڵێک نەخۆشی پەیوەندیدار. لە هەموو جۆرەکانی شێرپەنجەدا، هەندێک لە خانەکانی جەستە بەبێ وەستان دەست دەکەن بە دابەشبوون و بڵاودەبنەوە بۆ شانەکانی دەوروبەر. شێرپەنجە دەتوانێت لە نزیکەی هەموو شوێنێکی جەستەی مرۆڤ دەستپێبکات کە لە تریلیۆن خانە پێکهاتووە. بە شێوەیەکی ئاسایی خانەکانی مرۆڤ گەشە دەکەن و دابەش دەبن بۆ پێکهێنانی خانەی نوێ بەپێی پێویستی جەستە. کاتێک خانەکان پیر دەبن یان زیانیان پێدەگات، دەمرن و خانە نوێیەکان جێگەیان دەگرێتەوە.

هەندێک جار، ئەم پرۆسەیە ڕێک و پێکە بە هەڵەدا دەڕوات. خانە نوێیەکان کاتێک دروست دەبن کە جەستە پێویستی پێی نەبێت، خانە کۆنەکان یان تێکچووەکانیش وەک پێویست نامرن. ئەم خانە زیادانە دەتوانن بارستەیەک دروست بکەن کە پێی دەوترێت وەرەم یاخوود گرێ. وەرەمەکان دەتوانن سووک بن یان شێرپەنجە بن. بەزۆری وەرەمی سووک کێشە نییە، چونکە گەشە ناکات و بڵاونابێتەوە. وەرەمە شێرپەنجەییەکان جددیترن، بەو پێیەی دەتوانن گەشە بکەن و بۆ بەشەکانی دیکەی لەش بڵاوببنەوە.

شێرپەنجە هۆکارێکی سەرەکی مردنە لە سەرانسەری جیهاندا، ساڵانە زیاتر لە ١٧ ملیۆن حاڵەتی نوێ دەستنیشان دەکرێن. دەستنیشانکردنی پێشوەختە بۆ مانەوە زۆر گرنگە، لەگەڵ ئەوەشدا زۆرێک لە شێرپەنجەکان لە قۆناغە سەرەتاییەکانیاندا هیچ نیشانەیەکی ئاشکرایان نییە. ئەمەش دەتوانێت ببێتە هۆی ئەوەی کە بە سەختی دەستنیشانیان بکرێت.

بەڵام هەندێک نیشانەی سەرەتایی باوی شێرپەنجە هەن کە پێویستە ئاگاداریان بیت. ئەگەر تووشی هەریەکێک لەمانە بوویت، گرنگە سەردانی پزیشک بکەیت بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر.

1- دابەزاندنی کێش بە شێوەیەکی ناڕوون


دابەزینی کێش نیشانەیەکی باوی شێرپەنجەیە و دەکرێت یەکێک بێت لە یەکەم نیشانەکانی ئەوەی کە شتێک هەڵەیە. بەداخەوە دابەزینی کێشیش نیشانەیەکی باوی زۆرێک لە نەخۆشی و حاڵەتەکانی ترە، بۆیە دەکرێت قورس بێت بزانین ئایا نیشانەی شێرپەنجەیە یان نا.

چەند ڕێگەیەکی جیاواز هەیە کە شێرپەنجە دەبێتە هۆی دابەزاندنی کێش. یەکێکیان ئەوەیە کە جەستە کالۆری زیاتر بسوتێنێت لەوەی کە بە شێوەیەکی ئاسایی دەیکات. خانە شێرپەنجەییەکان پێویستیان بە وزەیەکی زۆرە بۆ گەشەکردن، بۆیە دەبنە هۆی ئەوەی لەش کالۆری زیاتر لە ئاسایی بسوتێنێت.

یەکێکی دیکە لە ڕێگاکانی شێرپەنجە کە ببێتە هۆی دابەزاندنی کێش، بریتییە لە دەستوەردان لە توانای جەستە بۆ هەڵمژینی ماددە خۆراکیەکان لە خۆراکدا. خانە شێرپەنجەییەکان دەتوانن ڕێگری لە هەڵمژینی ماددە خۆراکیەکان بکەن، یان دەبنە هۆی ئەوەی لەش لەبری هەڵمژینی ماددە خۆراکیەکان، دەریانبهێنێت.

لە کۆتاییدا شێرپەنجە دەتوانێت ببێتە هۆی دابەزاندنی کێش لە ڕێگەی هەوکردن لە هەموو جەستەدا. هەوکردن دەبێتە هۆی لەدەستدانی ئارەزووی خواردن، هەروەها دەبێتە هۆی ئەوەی جەستە کالۆری زیاتر بسوتێنێت.

دابەزینی کێش دەتوانێت نیشانەی شێرپەنجە بێت، بەڵام دەکرێت نیشانەی نەخۆشی و حاڵەتەکانی تریش بێت. پزیشکەکەت دەتوانێت دیاری بکات کە ئایا دابەزینی کێشت بەهۆی شێرپەنجە یان شتێکی ترەوەیە.

2- ماندوێتی


ماندوێتی یەکێکی ترە لە نیشانە باوەکانی سەرەتای شێرپەنجە. ئەگەر لەناکاو هەست بە ماندوێتی دەکەیت بەردەوام، تەنانەت دوای خەوێکی خۆشیش، ئەوە دەتوانێت نیشانەیەک بێت بۆ ئەوەی شتێک هەڵەیە.

سەرەتا با هەندێک لەو ڕێگایانە بکۆڵینەوە کە شێرپەنجە دەتوانێت ببێتە هۆی ماندوێتی. شێرپەنجە بە چەند ڕێگەیەکی جیاواز دەتوانێت ببێتە هۆی ماندوێتی. یەکێکیان بە هۆی کەم خوێنییەوە. کەمخوێنی کاتێکە کە خوێنەکەت خڕۆکە سوورەکانی خوێنی تەندروست بەشی پێویست نەبێت. خڕۆکە سوورەکانی خوێن بەرپرسن لە گواستنەوەی ئۆکسجین بۆ خانەکانت. کاتێک کەمخوێنیت هەیە، خانەکانت ئەو ئۆکسجینە بەدەست ناهێنن کە پێویستیانە و ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی هەست بە ماندوێتی بکەیت.

هەروەها شێرپەنجە دەتوانێت ببێتە هۆی ماندوێتی بەهۆی کاریگەری لەسەر هۆرمۆنەکانت. هۆرمۆنەکان بەرپرسن لە زۆر شت لە جەستەتدا، لەوانە چۆن هەست دەکەیت. شێرپەنجە دەبێتە هۆی ئەوەی جەستەت زۆر لە هەندێک هۆرمۆن دروست بکات یان بەشی پێویست لە هۆرمۆنەکانی تر دروست نەکات. ئەمەش دەبێتە هۆی ماندوێتی.

هەروەها شێرپەنجە دەتوانێت کاریگەری لەسەر ئاستی وزەت هەبێت بەهۆی هەوکردن. هەوکردن وەڵامێکی سروشتییە بۆ برینداربوون یان هەوکردن. بەڵام کاتێک درێژخایەن دەبێت، دەتوانێت ببێتە هۆی ماندوێتی پەیوەست بە شێرپەنجە.

3- ئازارێکی ڕوون نەکراوە


هەروەها ئازاری بەردەوام کە هیچ هۆکارێکی ئاشکرای نییە، دەتوانێت نیشانەی شێرپەنجە بێت. ئەمەش بە تایبەتی ئەگەر ئازارەکە لە شوێنێکدا بێت کە هیچ نیشانەیەکی ئاشکرای برینداربوونی تێدا نەبێت.

شێرپەنجە بە کۆمەڵێک شێوە دەتوانێت ببێتە هۆی ئازارێکی ڕوون نەکراوە. باوترینیان کاتێکە کە خانە شێرپەنجەییەکان دەگوازرێنەوە، یان بڵاودەبنەوە، بۆ بەشەکانی تری جەستە. ئەمەش دەبێتە هۆی ئازار بەهۆی پاڵەپەستۆی دەمارەکان یان ئەندامەکان، یان بەهۆی دەردانی ئەو ماددانە کە شانەکانی نزیک ئازاردەدەن. هەروەها شێرپەنجە دەتوانێت بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ببێتە هۆی ئازار بە هاندانی سیستەمی دەماری جەستە. ئەمەش کاتێک ڕوودەدات کە خانە شێرپەنجەییەکان ئەو ماددانە دەربکەن کە تەقلیدی ماددە کیمیاییە ئازاربەخشەکانی جەستە خۆیان دەکەن. هەروەها شێرپەنجە دەتوانێت ڕاستەوخۆ هێرش بکاتە سەر ئێسکەکان یان شانە نەرمەکان، ئەمەش دەبێتە هۆی ئازار.

لە هەندێک حاڵەتدا ئازاری شێرپەنجە یەکەم نیشانەی نەخۆشییەکە. زۆرجار ئەمە لە شێرپەنجەکانی پەنکریاس و ئێسک و هێلکەدانەکاندا ڕوودەدات. ئازارەکانی پەیوەست بە شێرپەنجە دەتوانن لە توندی و ماوەیدا زۆر جیاواز بن، بەپێی جۆری شێرپەنجەکە. هەندێک جۆری شێرپەنجە، وەک شێرپەنجەی خوێن، ڕەنگە ببێتە هۆی ئازار بەهۆی کۆبوونەوەی خڕۆکە سپییەکانی خوێن لە مۆخی ئێسکدا. جۆرەکانی تری شێرپەنجە، وەک شێرپەنجەی هێلکەدان، لەوانەیە ببێتە هۆی ئازار بەهۆی گەشەکردنی وەرەمەکەوە. هەروەها ئازاری شێرپەنجە بەپێی قۆناغی شێرپەنجەکە دەتوانێت جیاواز بێت. ڕەنگە شێرپەنجەکانی قۆناغی سەرەتایی هیچ ئازارێک نەبن، لەکاتێکدا شێرپەنجەکانی قۆناغی پێشکەوتوو دەبنە هۆی ئازارێکی زۆر.

4- گۆڕانکاری لە خووی ڕیخۆڵەدا


لە هەندێک حاڵەتدا شێرپەنجە دەبێتە هۆی هەوکردنی ناوپۆشی قۆڵۆن، ئەمەش دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە خووی ڕیخۆڵەدا. هەروەها شێرپەنجە دەبێتە هۆی گەشەکردنی شانەکانی نائاسایی لە قۆڵۆندا، کە دەبێتە هۆی ڕێگریکردن لە ڕۆیشتنی ئاسایی پیسایی. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەم نیشانانەی خوارەوە:

سکچوون: ئەمەش نیشانەیەکی باوی شێرپەنجەیە، و دەکرێت بەهۆی کۆمەڵێک هۆکاری جیاوازەوە بێت. بۆ نموونە شێرپەنجە دەبێتە هۆی هەوکردن لە ڕیخۆڵەدا، ئەمەش دەبێتە هۆی سکچوون. هەروەها شێرپەنجە دەتوانێت ڕێگری بکات لە هەڵمژینی ماددە خۆراکیەکان، ئەمەش دەبێتە هۆی سکچوون.
قەبزی: ئەمەش نیشانەیەکی دیکەی باوی شێرپەنجەیە، و دەکرێت بەهۆی کۆمەڵێک هۆکاری جیاوازەوە بێت. بۆ نموونە شێرپەنجە دەبێتە هۆی گیرانی ڕیخۆڵە، ئەمەش دەبێتە هۆی قەبزی. هەروەها شێرپەنجە دەتوانێت دەستوەردان بکات لە جوڵەی ئاسایی ڕیخۆڵەدا، ئەمەش دەبێتە هۆی قەبزیش.
خوێن لە پیساییدا: ئەمە نیشانەیە کە دەکرێت بەهۆی کۆمەڵێک جۆری جیاوازی شێرپەنجەوە بێت، بەڵام زۆرترین پەیوەندی بە شێرپەنجەی قۆڵۆنەوە هەیە. ئەگەر هەستت بە خوێن کرد لە پیساییەکەتدا، گرنگە بە زووترین کات سەردانی پزیشک بکەیت.
ئازاری سک: ئەمەش نیشانەیە کە دەکرێت بەهۆی کۆمەڵێک جۆری جیاوازی شێرپەنجەوە بێت، بەڵام زیاتر پەیوەندی بە شێرپەنجەی هێلکەدانەوە هەیە. ئەگەر هەستت بە ئازاری سک کرد، گرنگە بە زووترین کات سەردانی پزیشک بکەیت.
نیشانەکانی تر وەک گۆڕینی شێوە و ڕەنگی پیساییەکەت، ئاوسانی سک، یان گرژبوون.

5- گۆڕانکاری لە پێستدا


خانە شێرپەنجەییەکان لە دەرەوەی کۆنتڕۆڵ گەشە دەکەن و دابەش دەبن. دەتوانن وەرەم دروست بکەن، بەڵام دەتوانن لە ڕێگەی خوێن و سیستەمی لیمفەوە بۆ بەشەکانی تری لەش بڵاوببنەوە. جگە لەوەی شێرپەنجە دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە پێستدا، دەتوانێت ببێتە هۆی گۆڕانکاری لە قژ و نینۆک و پەردەی چڵکداردا.

باوترین نیشانەی شێرپەنجەی پێست بریتییە لە گەشەکردنی نوێ یان مۆڵ لەسەر پێست. ئەم گەشەکردنە دەتوانێت بە هەر قەبارە و شێوە و ڕەنگێک بێت. گرنگە ئاماژە بەوە بکەین کە هەموو گەشەکردنی نوێ لەسەر پێست شێرپەنجە نین. بەڵام ئەگەر گەشەیەکی نوێت هەبوو کە بە خێرایی گەشە دەکات، شێوەی دەگۆڕێت، یان ڕەنگی دەگۆڕێت، پێویستە یەکسەر سەردانی پزیشک بکەیت.

نیشانەکانی تری شێرپەنجەی پێست بریتین لە گۆڕانکاری لە مۆلەکانی هەبوو، گۆڕانی ڕەنگی پێست، گۆڕانی پێکهاتەی پێست و گۆڕانکاری لە شێوەی پێست. هەروەها شێرپەنجەی پێست دەبێتە هۆی خوران، سووتانەوە، یان خوێنبەربوون.

6- خوێنبەربوونی ڕوون نەکراوە


خوێنبەربوونی ڕوون نەکراوە دەتوانێت بە چەندین ڕێگەی جیاواز ڕووبدات. لەوانەیە وەک خوێن لە پیسایی یان میزەکەتدا دەربکەوێت، یان هەست بە برین یان خوێنبەربوون بکەیت کە لە ئاسایی دەرچووە. هەروەها خوێنبەربوون لە لووت یان پووک، یان خوێنبەربوونی زۆر لە کاتی سوڕی مانگانەدا دەتوانێت نیشانەی شێرپەنجە بێت.

بێگومان خوێنبەربوون دەتوانێت بەهۆی حاڵەتی دیکەی کەمتر جددیشەوە بێت. بەڵام ئەگەر تووشی هەریەکێک لەم نیشانانە بوویت، گرنگە سەردانی پزیشک بکەیت بۆ ئەوەی هۆکارەکەی بدۆزرێتەوە و چارەسەر بکرێت، ئەگەر پێویست بوو.

وەرەمی شێرپەنجەیی دەتوانێت ببێتە هۆی خوێنبەربوون بەهۆی تێکدانی خوێنبەرەکان یان بەهۆی دەستوەردان لە پرۆسەی ئاسایی مەین. بە تایبەتی ئەگەری دروستبوونی خوێنبەربوونی گرێ لە کۆئەندامی هەرسدا هەیە.

هەروەها خوێنبەربوون دەتوانێت نیشانەی پێشکەوتووی شێرپەنجە بێت کاتێک شێرپەنجە بۆ بەشەکانی تری لەش بڵاوبووەتەوە. لەم حاڵەتەدا زۆرجار خوێنبەربوونەکە زیاتر بڵاودەبێتەوە و لەوانەیە نیشانەکانی دیکەی لەگەڵدا بێت، وەک ماندوێتی و دابەزینی کێش و ئازار.

7- دەنگ گڕی یان کۆکە


هەروەها دەنگ گڕی یان کۆکەیەکی بەردەوام کە ناروات دەتوانێت نیشانەیەکی سەرەتایی شێرپەنجە بێت، بەتایبەتی ئەگەر جگەرەکێش بیت.

چەند ڕێگەیەکی جیاواز هەیە کە شێرپەنجە دەبێتە هۆی دەنگ گڕی یان کۆکە. یەکێک لە ڕێگاکان ئەوەیە ئەگەر شێرپەنجەکە لە قوڕگ یان قوڕگتدا بێت. ئەمەش دەبێتە هۆی لاوازبوونی ماسولکەکانی ناو تارەکانی دەنگت، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی دەنگت گڕ بێت. هەروەها شێرپەنجە دەتوانێت کاریگەری لەسەر ئەو دەمارانە هەبێت کە کۆنتڕۆڵی کۆئەندامی دەنگت دەکەن، ئەمەش دەبێتە هۆی گڕی دەنگت.

یەکێکی تر لەو ڕێگایانەی کە شێرپەنجە دەبێتە هۆی دەنگ گڕی یان کۆکە ئەوەیە ئەگەر بڵاوبێتەوە بۆ سییەکانت. ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشە لە هەناسەدانت و دەبێتە هۆی کۆکە. هەروەها شێرپەنجە دەتوانێت بگوازرێتەوە بۆ گرێ لیمفاویەکانت، ئەمەش دەبێتە هۆی کۆکە.

8- ئاوسان یان گرێ


خانە شێرپەنجەییەکان دەتوانن لە وەرەمێک جیاببنەوە و بچنە ناو خوێن یان سیستەمی لیمفاوی. بەم شێوەیە شێرپەنجە لە وەرەمی ئەسڵی (سەرەتایی)ەوە بڵاودەبێتەوە بۆ دروستکردنی وەرەمی نوێ (لاوەکی) لە بەشەکانی تری جەستەدا.

پرۆسەی جیابوونەوەی خانە شێرپەنجەییەکان لە وەرەمێک و چوونە ناو خوێن یان سیستەمی لیمفاوی پێی دەوترێت میتاستازیس. کاتێک شێرپەنجە دەگوازرێتەوە، زۆرجار بڵاودەبێتەوە بۆ گرێ لیمفاویەکان.

گرێ لیمفاویەکان بریتین لە پێکهاتەی بچووکی شێوە فاسۆلیا کە لە سەرانسەری جەستەدا دەبینرێن. ئەوان بەشێکن لە سیستەمی لیمفە، کە خڕۆکە سپییەکانی خوێن و شلەی بەرەنگاربوونەوەی هەوکردن و شلەیەک کە پێی دەوترێت لیمفە لە ڕێگەی لەشەوە دەگوازنەوە.

زۆرجار ئاوسانی گرێ لیمفاویەکان نیشانەیەکی سەرەتایی شێرپەنجەیە. بەزۆری مەبەستیان ئەوەیە کە شێرپەنجە لە بەشێکی تری لەش دەستی پێکردووە و بۆ گرێ لیمفاویەکان بڵاوبووەتەوە.

گرێ یەکێکی ترە لە نیشانە ئەگەرییەکانی شێرپەنجە. دەتوانرێت هەست بە گرێیەک بکرێت لە ژێر پێستدا، هەندێکجاریش لەسەر ڕووی پێستەکە ببینرێت. بەزۆری گرێ ئازاری نییە.

زۆربەی گرێکان شێرپەنجە نین. بەڵام گرنگە سەردانی پزیشک بکەیت ئەگەر هەر گرێیەکت هەبوو کە تازە بێت، گەشە دەکات، یان دەگۆڕێت. ئەمەش بە تایبەتی ئەگەر گرێکە ڕەق بێت و لێوارەکانی ناڕێک بێت و هەست بە پتەویی یان ئەستووری بکات.

ئەگەر تووشی هەریەکێک لەم نیشانە سەرەتاییانەی شێرپەنجە بوویت، گرنگە سەردانی پزیشک بکەیت بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر. دۆزینەوەی پێشوەختە زۆر گرنگە بۆ مانەوە، بۆیە دوا مەکە لە داوای چاودێری پزیشکی.

سەرچاوەکان:

  1. NHS. (n.d.). Signs and symptoms -Cancer. NHS choices. Retrieved August 2022, from https://www.nhs.uk/conditions/cancer/symptoms/
  2. Signs and symptoms of cancer: Do I have cancer? American Cancer Society. (n.d.). Retrieved August 2022, from https://www.cancer.org/treatment/understanding-your-diagnosis/signs-and-symptoms-of-cancer.html
  3. Early cancer warning signs: 5 symptoms you shouldn’t ignore. Johns Hopkins Medicine. (2021, November 15). Retrieved August 2022, from https://www.hopkinsmedicine.org/health/wellness-and-prevention/early-cancer-warning-signs-5-symptoms-you-shouldnt-ignore
  4. Signs and symptoms of cancer. Cancer Research UK. (2021, February 26). Retrieved August 2022, from https://www.cancerresearchuk.org/about-cancer/cancer-symptoms
  5. Mayo Foundation for Medical Education and Research. (2021, April 27). Cancer. Mayo Clinic. Retrieved August 2022, from https://www.mayoclinic.org/diseases-conditions/cancer/symptoms-causes/syc-20370588
  6. Worldwide cancer statistics. Cancer Research UK. (2019, August 22). Retrieved August 2022, from https://www.cancerresearchuk.org/health-professional/cancer-statistics/worldwide-cancer

ئەم بابەتە بڵاوبکەرەوە