زۆربەی خەڵك لە هەندێك کاتدا لە ڕۆژدا هەست بە ماندوێتی دەکەن. ئاساییە دوای ڕۆژێکی درێژ لە شوێنی کارەکەت یان دوای ڕاهێنانێکی قورس هەست بە ماندوێتی بکەیت. بەڵام هەندێك کەس بەردەوام هەست بە ماندوێتی دەکەن، تەنانەت کاتێك کە بەشی پێویست دەخەون و لە ڕووی جەستەییەوە خۆیان ماندوو نەکردووە. ئەم جۆرە ماندوێتییە پێی دەوترێت ماندوێتی درێژخایەن، و دەکرێت نیشانەی نەخۆشییەك بێت.
هۆکارەکان:
- کەمخوێنی: دەکرێت کۆمەڵێك هۆکار ببنە هۆی کەمخوێنی. بۆ نموونە کەمی ئاسن یەکێکە لا هۆکارە باوەکانی کەمخوێنی. هەوروەها دەکرێت باهۆی لەدەستدانی خوێن بێت چ بەهۆی زەبرێکی دەرەکی چ بەهۆی برینێك لەناو لەش یان دەکرێت بەهۆی کاریگەری لاوەکی دەرمانەوە بێت. کەسانی کەمخوێن تووشی ماندوێتی دەبن لەگەڵ سەر سووڕان و کاڵبوونەوەی پێست و هەناسە تەنگی.
- کۆنیشانەی ماندوێتی درێژخایەن: هەروەك لە ناوەکەی دیارە، کەسەکان تووشی ماندوێتی دەبن بۆ ماوەیەکی درێژخایەن لەگەڵ چاند نیشانەی تر. دەستنیشانکردنی ئەم حالەتە قورسە چونکە هیچ تاقیکردنەوەیەکی تایبەت نییە کە بتوانێت حاڵەتەکە دەستنیشان بکات. زۆربەی کات بەپێی نیشانەکان ئەم حالەتە دەست نیشاندەکرێت کاتێك کەسەکە بۆ ماوەیەکی زۆر هەست بە ماندوێتی بکات بەبێ ئەوەی هیچ هۆکارێك لەپشت ماندوێتییەکەی هەبێت. هەروەها، ئەگەر نیشانەکانی دیکەی هەبێت، وەک کێشەی خەوتن، ئازاری جومگەکان و ماسولکەکان، سەرئێشە، کێشەی بیرەوەری. هۆکارەکەی بە ووردە نەزانراوە و دەکرێت بەهۆی هۆکاری جەستەیی و دەروونی و ژینگەیی بێت. چارەسەری ئەم حالەتە دەکرێت قورس بێت، چونکە هیچ چارەسەرێکی تایبەت نییە کە بۆ هەموو کەسێك کاریگەر بێت. هەندێك چارەسەری کاریگەر هەن وەك وەرزشکردن و هەندێك جۆری دەرمان و ڕاوێژی پزیشکی دەروونی.
- نەخۆشی درێژخایەنی گیرانی سییەکان (COPD): ئەمەش نەخۆشییەکی درێژخایەنی سییەکانە کە تیایدا کەسەکە کۆکەی دەبێت لەگەڵ تەنگەنەفەسی و دواتر لەوانەیە خوێن دەربدرێت لەگەڵ کۆکە. بەپێی کات دەبێتە هۆی سیخەسیخی سینگ بەرکەوتنی بەردەوام بە شتە زیانبەخشەکانی وەك دوکەڵی جگەرە و هەندێك مادەی کیمیایی و هەوای پیس دەبێتە هۆی ئەم حالەتە.
- کۆڕۆنا (Covid 19): توێژینەوەکان دەریانخستووە کە ژمارەیەکی بەرچاو لە نەخۆشەکان تووشی ماندوێتی دەبن کاتێك پشکنینیان بۆ دەکرێت دوای 3 مانگ لە دەستنیشانکردنیان بە کۆڕۆنا. پێدەچێت هۆکاری بنەڕەتی تێکچوونی دەمارەکان و هەوکردن بێت لەگەڵ کەمبوونەوەی ئۆکسجین. جگە لەوەش، نەخۆشانی دوای کۆڤید زیندەچالاکییەکانی لەشیان خاو دەبێتەوە لەو ناوچانانەی مێشك کە پەیوەندیان بە هاندان هەیە.
- خەمۆکی: خەمۆکی کاریگەری نەرێنی لەسەر چۆنیەتی هەستکردنت، بیرکردنەوە و مامەڵەکردنت لەگەڵ چالاکییەکانی ڕۆژانە، وەك خەوتن، خواردن، یان کارکردن. هەروەها کاریگەری لەسەر توانای کارکردنت دەبێت لە شوێنی کار یان قوتابخانە. نیشانەی تر بریتین لە لەدەستدانی حەز یان چێژ لەو چالاکییانەی کە پێشترچێژبەخش بوون، ماندوێتی، تەرکیزکردن بە سەختی، گۆڕانکاری لە ئارەزووی خواردن و تێکچوونی خەو.
- نەخۆشی شەکرە: نەخۆشی شەکرە دەبێتە هۆی ماندوێتی بە چەندین ڕێگە. یەکەم: توێژینەوەکان دەریانخستووە کە گۆرانکاری شەکری خوێن بە درێژایی رۆژ وا لە کەسەکان دەکات هەست بە ماندوێتی بکەن. لە لایەکی ترەوە، دەکرێت ماندوێتی بەهۆی کاریگەری لاوەکی دەرمانی شەکرە بێت یان کەمخەوی.
- ژانی بەربڵاوی لەش (fibromyalgia): لەم حالەتەدا کەسەکە هەست بە ئازار دەکات لە هەموو بەشی لەشی بەتایبەتی لە ماسولکە و ئێسكەکاندا. بەزۆری کەسەکان دوای هەوکردن، زەبر، نەشتەرگەری، یان هۆکاری دەروونییەوە تووشی دەبن. جگە لە ئازار، کەسەکان کێشەی باری دەروونی و بیرەوەری و کێشەی خەوتن و ماندوێتییان هەیە.
- نەخۆشی هەوکردنی ڕیخۆڵە (IBD): ئەمە زاراوەیەکی فراوانترە بۆ دوو حاڵەتی هەوکردنی درێژخایەن کە کاریگەرییان لەسەر کۆئەندامی هەرس هەیە. دوو جۆری باوی IBD بریتین لە نەخۆشی کرۆن و هەوکردنی قۆڵۆن. نەخۆشی کرۆن دەکرێت تووشی هەر بەشێکی کۆئەندامی هەرس بێت، لە دەمەوە تا کۆم. لە بەرامبەردا هەوکردنی قۆڵۆن تەنها کاریگەری لەسەر ڕیخۆڵە گەورە (قۆڵۆن) و کۆم دەبێت. بەهۆی هەوکردن، کەسەکان هەست بە ماندوێتی دەکەن.
- قەڵەوی: قەڵەوی دەبێتە هۆی ماندوێتی بە چەندین شێوە. سەرەتا قەڵەوی ناهێڵێت مرۆڤ بە ئاسانی خەوی لێ بکەوێت بەهۆی سەختی هەناسەدان. هەروەها، کەسانی قەڵەو تووشی نەخۆشی شەکرە و بەرگری ئەنسۆلین دەبن کە ئەمەش دەبێتە هۆی ماندوێتی. لە کۆتاییدا قەڵەوی دەکرێت کاریگەری لەسەر بەرهەمهێنانی هۆرمۆنە جۆراوجۆرەکان هەبێت کە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ئاستی وزە.
- فرە ڕەقبوون (MS): ئەمە نەخۆشییەکی بەرگری خۆکارە کە تێیدا خانەکانی بەرگری هێرشدەکەنە سەر ڕووپۆشە پارێزەرەکەی دەوری خانە دەمارییەکان. ئەمەش دەبێتە هۆی تێکدانی خێرایی گواستنەوەی ئاماژەکان لە نێوان دەمارەکان و خانەکان. بەپێی کات ئەمە دەبێتە هۆی کەمئەندامبوون و ماندوێتی.
- دڵەڕاوکێ: نیشانەکانی ئەم حالەتە بریتین لە نیگەرانی بەردەوام و دوودڵی بەرامبەر هەموو شتێکی ژیانی رۆژانە. ئەم کەسانە بە ئاسانی ناتوانن کۆنترۆڵی دوودڵیان بکەن، ئەمەش کاریگەری لەسەر ژیانی رۆژانەیان دەبێت. نەخۆشی دڵەڕاوکێ دەکرێت ببێتە هۆی کۆمەڵێك کێشەی دیکە وەك خەمۆکی، بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر و خۆکوشتن. ئەم کەسانە بە ئاسانی ماندوو دەبن.
سەرچاوەکان:
Segal, L. N., & Martinez, F. J. (2018). Chronic obstructive pulmonary disease subpopulations and phenotyping. The Journal of allergy and clinical immunology, 141(6), 1961–1971. https://doi.org/10.1016/j.jaci.2018.02.035Sapra A, Bhandari P. Chronic Fatigue Syndrome. [Updated 2022 Jul 2]. In: StatPearls [Internet]. Treasure Island (FL): StatPearls Publishing; 2022 Jan-. Available from: https://www.ncbi.nlm.nih.gov/books/NBK557676/Newhall DA, Oliver R, Lugthart S. Anaemia: A disease or symptom. Neth J Med. 2020 Apr;78(3):104-110. PMID: 32332184.Ceban, F., Ling, S., Lui, L., Lee, Y., Gill, H., Teopiz, K. M., Rodrigues, N. B., Subramaniapillai, M., Di Vincenzo, J. D., Cao, B., Lin, K., Mansur, R. B., Ho, R. C., Rosenblat, J. D., Miskowiak, K. W., Vinberg, M., Maletic, V., & McIntyre, R. S. (2022). Fatigue and cognitive impairment in Post-COVID-19 Syndrome: A systematic review and meta-analysis. Brain, behavior, and immunity, 101, 93–135. https://doi.org/10.1016/j.bbi.2021.12.020Bains N, Abdijadid S. Major Depressive Disorder. [Updated 2022 Jun 1]. In: StatPearls [Internet]. Treasure Island (FL): StatPearls Publishing; 2022 Jan-. Available from: https://www.ncbi.nlm.nih.gov/books/NBK559078/Park H, Park C, Quinn L, Fritschi C. Glucose control and fatigue in type 2 diabetes: the mediating roles of diabetes symptoms and distress. J Adv Nurs. 2015 Jul;71(7):1650-60. doi: 10.1111/jan.12632. Epub 2015 Feb 18. PMID: 25690988; PMCID: PMC4478212.Bhargava J, Hurley JA. Fibromyalgia. [Updated 2022 May 1]. In: StatPearls [Internet]. Treasure Island (FL): StatPearls Publishing; 2022 Jan-. Available from: https://www.ncbi.nlm.nih.gov/books/NBK540974/McDowell C, Farooq U, Haseeb M. Inflammatory Bowel Disease. [Updated 2022 Jun 27]. In: StatPearls [Internet]. Treasure Island (FL): StatPearls Publishing; 2022 Jan-. Available from: https://www.ncbi.nlm.nih.gov/books/NBK470312/Vgontzas AN, Bixler EO, Chrousos GP. Obesity-related sleepiness and fatigue: the role of the stress system and cytokines. Ann N Y Acad Sci. 2006 Nov;1083:329-44. doi: 10.1196/annals.1367.023. PMID: 17148748.Chand SP, Marwaha R. Anxiety. [Updated 2022 May 8]. In: StatPearls [Internet]. Treasure Island (FL): StatPearls Publishing; 2022 Jan-. Available from:https://www.ncbi.nlm.nih.gov/books/NBK470361/