fbpx

Pzishk

زۆر میزکردن

هۆکارەکانی زۆر میزکردن

دەکرێت هۆکاری زۆر میزکردن شتێكی سادە بێت وەك خواردنەوەی ئاو و شلەی زیاتر لە ئاسایی یان نیشانەی نەخۆشییەك بێت. 

هۆکارەکان

  • گەورەبوونی پرۆستات: کاتێك پرۆستات گەورە دەبێت ئەوا بۆڕی میز بچووك دەکاتەوە بەمەش میزکردن قورس دەبێت. نیشانەی گەورەبوونی پرۆستات بریتین لە:
    • تەنگاوبوونی بەردەوام بەتایبەتی لە شەوان
    • میزکردنی لاواز یان بە شێوەی پچڕ پچڕ
    • کەسەکە ناتوانێت میزڵدان بە تەواوی بەتاڵ بکاتەوە
    • زیانگەیشتن بە گورچیلە 
    • هاتنەدەرەوەی دڵۆپی میز بەبێ ویستی کەسەکە
  • بەردی میزڵدان: بەزۆری ئەم حالەتە ئەو کاتە کێشە بۆ کەسەکە دروست دەکات ئەگەر بێتو بەردەکە گەورە بێت و بۆڕی میز بگرێت. ئەم حالەتە لە سەرەتادا هیچ نیشانەیەکی نییە بۆیە دەبێت لە ڕێگەی تیشك و نازور دەستنیشان بکرێت. لەوانەیە بەردەکە نەهێڵێت کەسەکە بە تەواوی میزڵدانی بەتاڵ بکاتەوە بۆیە زوو زووە هەست بە تەنگاوی دەکات. 
  • نەخۆشی شەکرە: ئەو کەسانەی نەخۆشی شەکرەیان هەیە یەکێك لە نیشانە باوەکان لەوانەیە زۆر میزکردن بێت. لەوانەیە کەسەکە توانستی میز ڕاگرتنی لەدەست بدات. هەموو ئەمانە بەهۆی بەرزی ئاستی شەکر لە خوێندا ڕوودەدەن چونکە ئەم شەکرە زیان بەو دەمارانە دەگەینێت کە میزڵدان کۆنترۆڵ دەکەن. لە هەندێك کەسدا ماسولکەکانی میزڵدان زۆر گرژ دەبن ئەمەش دەبێتە هۆی تەنگاوبوونی لەناکاو. 
  • هەوکردنی زێ لە ئافرەتاندا: یەکێك لە باوترین نیشانەی ئەم حالەتە دەردراوی نائاساییە لە زێ. نیشانەی تر بریتین لە خوران و سووتانەوە و ئازار و زۆر میزکردن. 
  • دەرمانی میز پێ کردن (Diuretics): ئەم دەرمانانە وادەکەن کە زیاتر میز بەرهەم بهێنرێت. ئەم دەرمانانە زۆرجار بۆ چارەسەرکردنی بەرزی پەستانی خوێن بەکاردەهێنرێت یان بۆ سستبوونی دڵ و ئاوسان لە لەش. هەروەها کافاین و کحول دەتوانن ئارەزووی میزکردن زیاد بکەن چونکە وەك ئەم دەرمانە کاردەکان. 
  • هەوکردنی پرۆستات: هەوکردنی پرۆستات دەکرێت تووند یان درێژخایەن بێت و هەندێك جار هیچ نیشانەیەکی نییە. نەخۆشەکان کێشەیان دەبێت لە میزکردن لەگەڵ هەستکردن بە سووتانەوە و بوونی خوێن لەگەڵ میز. هەموو ئەم نیشانانە لەوانەیە وا لە کەسەکە بکات کە بەتەواوی میزڵدانی بەتاڵ نەکاتەوە و بەردەوام تەنگاو بێت. 
  • تەسکبوونەوەی بۆڕی میز: لەم حالەتەدا بۆڕی میز تەسك دەبێتەوە بەمەش کەسەکان ناتوانن بەتەواوی میزڵدان بەتاڵ بکەنەوە. ئەم تەسکبوونەوە دەکرێت لەهەر بەشێکی میزڵداندا ڕووبدات. هۆکاری زۆربەی حالەتەکان نەزانراوە، هەندێك کات دوای نەشتەرگەری بۆڕی میز ڕوودەدات. لە هەندێك کەسی تریش بەهۆی هەوکردن و زەبری دەرەکی ڕوودەدات. 
  • لەدەستدانی توانای ڕاگرتنی میز: ئەم حالەتە دەکرێت لەهەر کەسێکدا ڕووبدات، بەڵام زیاتر لە ئافرەتان و کەسانی بەتەمەندا ڕوودەدات. ئەم حالەتە جۆری چەندین جۆری جیاوازی هەیە، باوترین هۆکار بەهۆی فشارەوەیە. هەر شتێك ببێتە هۆی فشار وەك کۆکە، پێکەنین، پژمین، یان وەرزشکردن دەبێتە هۆی دەردانی میز. جۆرێکی تر ئەوەیە کاتێك کەسێك زۆر تەنگاو دەبێت لەناکاو کە نەگاتە سەرئاو. جۆرێکی تریان بەهۆی هۆکاری جەستەیی یان دەروونییەوەیە کە وا لە کەسەکە دەکات لەکاتی خۆیدا نەگاتە سەرئاو. 
  • هەوکردنی بۆڕی میز: ئەم هەوکردنە ڕوودەدات کاتێك میکرۆبێك دەچێتە ناو بۆڕی میز. ئەم حالەتە لە ئافرەتاندا زۆر باوە بە شێوەیەك کە هەموو ئافرەتێك لەوانەیە جارێك لە تەمەنیان تووشی ئەم حالەتە ببن. نیشانەکانی بریتین لە تەنگاوبوون، هەستکردن بە سووتانەوە لە کاتی میزکردن، لێڵبوونی میز یان بوونی خوێن لەناو میز و ئازاری حەوز. 
  • کۆنیشانەی مانەوە لە ماڵەوە: توێژینەوەیەکی ئەم دواییە لەسەر ٢٥ نەخۆش دەرکەوتووە کە مانەوەی درێژخایەن لە ماڵەوە بەبێ چالاکیی جەستەیی زۆر یەکێكە لە هۆکارەکانی زۆر میزکردن بەتایبەتی لە ماوەی کۆڕۆنا کە خەڵك زۆر لە ماڵەوە بوو. نەخۆشەکان ڕۆژانە ١٠ جار میزیان دەکرد. ئەم حالەتە بە ئاسانی چارەسەردەکرێت بە ئەنجامدانی وەرزش و یان سەردانی خزم و برادەر.

سەرچاوەکان:

  1. Leslie SW, Sajjad H, Murphy PB. Bladder Stones. [Updated 2022 May 27]. In: StatPearls [Internet]. Treasure Island (FL): StatPearls Publishing; 2022 Jan-. Available from: https://www.ncbi.nlm.nih.gov/books/NBK441944/
  2. Hashim H. T. (2020). Association Between Frequent Urination and Prolonged Staying at Home. The primary care companion for CNS disorders22(5), 20m02694. https://doi.org/10.4088/PCC.20m02694
  3. Golbidi, S., & Laher, I. (2010). Bladder dysfunction in diabetes mellitus. Frontiers in pharmacology1, 136. https://doi.org/10.3389/fphar.2010.00136
  4. Lohsiriwat, S., Hirunsai, M., & Chaiyaprasithi, B. (2011). Effect of caffeine on bladder function in patients with overactive bladder symptoms. Urology annals3(1), 14–18. https://doi.org/10.4103/0974-7796.75862
  5. Ng M, Baradhi KM. Benign Prostatic Hyperplasia. [Updated 2022 May 8]. In: StatPearls [Internet]. Treasure Island (FL): StatPearls Publishing; 2022 Jan-. Available from: https://www.ncbi.nlm.nih.gov/books/NBK558920/
  6. Hildebrand JP, Kansagor AT. Vaginitis. [Updated 2022 Feb 2]. In: StatPearls [Internet]. Treasure Island (FL): StatPearls Publishing; 2022 Jan-. Available from: https://www.ncbi.nlm.nih.gov/books/NBK470302/
  7. Abdeen BM, Badreldin AM. Urethral Strictures. [Updated 2022 May 9]. In: StatPearls [Internet]. Treasure Island (FL): StatPearls Publishing; 2022 Jan-. Available from: https://www.ncbi.nlm.nih.gov/books/NBK564297/
  8. Tran LN, Puckett Y. Urinary Incontinence. [Updated 2022 Jan 2]. In: StatPearls [Internet]. Treasure Island (FL): StatPearls Publishing; 2022 Jan-. Available from: https://www.ncbi.nlm.nih.gov/books/NBK559095/
  9. NIDDK. (2014). Prostatitis: Inflammation of the Prostate | NIDDKhttps://www.niddk.nih.gov/health-information/urologic-diseases/prostate-problems/prostatitis-inflammation-prostate
  10. CDC. (2021). Urinary Tract Infection | Antibiotic Use | CDChttps://www.cdc.gov/antibiotic-use/uti.html

ئەم بابەتە بڵاوبکەرەوە