خوێن مەیین زۆر گرنگە لە ژیانمان. دەمانپارێزێت لە شۆك و لەدەستدانی خوێنی زۆر دوای برینێک. لە هەندێك حالەتدا خوێن مەیین دەکرێت لە خوێنبەرێکی تەندروست ڕووبدات بەتایبەتی لە لاقدا، کە لەوانەی ببێتە هۆی ڕێگری کردنی سووری خوێن و ببێتە هۆی مردنی شانە و بڕینی لاق. یاخوود دەکرێت ئەم خوێن مەیینە لە شوێنێکەوە بڕواتە سییەکان یان مێشك ئەمەش حالەتی مەترسیداری لێ دەکەوێتەوە. جگە لە دانیشتن بۆ ماوەیەکی درێژخایەن، هۆکاری تری مەترسی تووشبوون بە خوێن مەیین دەکرێت جگەرەکێشان و قەڵەوی و بۆماوەیی، هەندێك نەخۆشی و دووگیانی بن.
هۆکارە باوەکان:
- ئەو دەرمانانەی کە دەبنە هۆی خوێنمەیین: هەندێک دەرمان دەتوانن لە ڕێگەی میکانیزمی جیاوازەوە ئەگەری تووشبوون بە خوێن مەین زیاد بکەن. وەك حەبی مەنع.
- کۆڕۆنا (Covid-19): دەبێتە هۆی هەوکردنی بەرفراوان و هاندانی کۆئەندامی بەرگری لەش کە وادەکات خوێن مەیین لە ئەندامە جیاوازەکانی لەشدا ڕووبدات. توێژینەوەیەکی ئەم دواییە دەرکەوتووە کە ڤاکسینی ئەسترازینیکا لە هەندێك حالەتی زۆر دەگمەندا دەکرێت ببێتە هۆی خوێن مەیین لەناو خوێنبەرەکانی مێشك. ئەم حالەتە لەهەر ملیۆنێك کەسدا تەنها ١٠ کەس تووشی دەبن.
- ڕەقبوونی خوێنبەرەکان: ڕوودەدات کاتێك چەوری زۆر لە دیواری خوێنبەرەکاندا کۆدەبێتەوە. بە تێپەڕبوونی کات، ئەم کەڵەکەبوونی چەورییە یان کۆلیسترۆڵ دەبێتە هۆی بچووکبوونەوەی خوێنبەرەکان بەم شێوەیەش ڕۆیشتنی خوێن بە شێوەیەکی بەرفراوان کەمدەکاتەوە. هەروەها دەکرێت پارچەیەكی خوێن مەیین دروست بکات کە لەڕێگەی سووری خوێنەوە دەگوازرێتەوە بۆ خوێنبەری بچووکتر و ڕێگری بکات لە ڕۆیشتنی خوێن. ئەگەر لە لوولەکانی مێشك ڕووبدات دەبێتە هۆی جەڵتەی مێشك.
- خوێن مەیین لە خوێنهێنەرە قووڵەکاندا: کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە خوێنهێنەرەکانی قاچدا ڕوودەدات. ئەمەش کاتێك ڕوودەدات ئەگەر بۆ ماوەیەکی درێژ خوێن بوەستێت. بەمەش ئەو کەسانەی تووشی ئەم حالەتە دەبن زۆربەی جار ئەو کەسانەن کە کەم دەجۆڵێن یان نەشتەرگەرییەکی گەورەیان ئەنجامداوە کە پێویستی بە پشوودانی زۆر هەیە بۆ چاکبوونەوە. هەروەها دانیشتنی درێژخایەن هۆکارێکی مەترسیدارە بۆ تووشبوون بەم حالەتە.
- نەخۆشی دژە فۆسفۆلیپید: لەم حالەتەدا دژەتەن دروست دەبێت کە کۆئەندامی بەرگری دەیناسێتەوە و دەبێتە هۆی هەوکردن. هەروەها ڕێگری دەکرێت لە سووری خوێن کە دەبێتە خوێن مەیین. بەزۆری ئەم حالەتە کاریگەری لەسەر ئافرەتان هەیە و دەبێتە هۆی لەبارچوونی منداڵ.
- بازدان لە پرۆتینی (Factor V Leiden): ئەم پرۆتینە گرنگە بۆ خوێن مەیین بە شێوەیەکی دروست. بەڵام کاتێك بازدان لەم پرۆتینە ڕوودەدات، ئەوا شێوەی دەگۆڕێت و فرمانیشی دەگۆڕێت. بۆیە وادەکات زیاتر خوێن مەیین ڕووبدات. لەوانەیە هیچ نیشانەیەکی نەبێت ئەگەر لەگەڵ سووری خوێن بکرێتە دەرەوە. بەڵام هەندێك جار قەتماغی خوێن دەگاتە سییەکان، کە مەترسی دەخاتە سەر ژیانە کەسەکە.
- ناڕێکی لێدانی دڵ: لەم حاڵەتەدا دڵ ڕیتمی ئاسایی لێدانی لەدەست دەدات. لەوانەیە زۆر خێرا بێت، یان زۆر خاو بێت و لە ئەنجامدا خوێن کۆببێتەوە بەزۆری لە ژوورەکانی چەپی دڵدا. ئەم خوێن مەیینە لەوانەیە دواتر لەگەڵ لێدانی دڵ بگوازرێتەوە بۆ مێشك و ببێتە هۆی جەڵتەی مێشك. جەڵتەی دڵ و سستبوونی دڵ بە هەمان شێوە مەترسی تووشبوون بە خوێن مەین زیاد دەکات.
- نەخۆشی فرە خرۆکەی سووری خوێن (Polycythemia Vera): ئەمە جۆرێکی دەگمەنە لە شێرپەنجەی خوێن کە تیایدا زیاد لە پێویست خرۆکەی سووری خوێن بەرهەم دەهێنرێت و دەبێتە هۆی زیادبوونی چڕی خوێن. ئەمەش ڕۆیشتنی خوێن خاو دەکاتەوە و لەوانەیە سەرەتاکەی بێ نیشانە بێت. لەوانەیە لەکاتی پشکنینی خوێن بدۆزرێتەوە و پێویستی بە چارەسەر.