کەمبوونەوەی غودەی دەرەقی کە بە غودەی تەمەڵ ناسراوە، حاڵەتێکی تەندروستی باوە کە ڕژێنی غودەی دەرەقی بەشی پێویست هۆرمۆنەکەی بەرهەم ناهێنێت. ئەم هۆرمۆنانە ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە ڕێکخستنی میتابۆلیزمی جەستە و بەرهەمهێنانی وزە و لێدانی دڵ و تەنانەت باری دەروونیش. کاتێک ئاستی غودەی دەرەقی کەم دەبێتەوە، دەتوانێت زۆرێک لە کارەکانی لەش خاو بکاتەوە، زۆرجار دەبێتە هۆی دەرکەوتنی چەندین نیشانەی ناڕەحەت. تێگەیشتن لە کەمی غودەی دەرەقی دەتوانێت یارمەتیت بدات زوو نیشانەکانی بناسیتەوە و بەدوای چارەسەری دروستدا بگەڕێیت و شێوازی ژیانێکی تەندروست بپارێزیت.
نیشانەکان:
نیشانەکانی کەمبوونەوەی غودەی دەرەقی لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت و بە تێپەڕبوونی کات بە هێواشی گەشە دەکات. هەندێک لە نیشانە باوەکان بریتین لە:
- ماندوێتی و هەستکردن بە سستی تەنانەت دوای خەوتنێکی تەواو
- زیادبوونی کێش، زۆرجار بەبێ هیچ گۆڕانکارییەک لە خۆراک و ئاستی چالاکییەکان
- بەرگەنەگرتنی سەرما، هەستکردن بە سەرما کاتێک کەسانی تر ئاسوودەن
- وشکبوونەوەی پێست و تەنککردنەوەی قژ
- خەمۆکی یان کەمی باری دەروونی
- قەبزی
- خاوبوونەوەی لێدانی دڵ
- دەموچاوی پفکاوی
- گۆرانی دەنگ
- کێشەی بیرەوەری یان کێشەی تەرکیزکردن
- ناڕێکی یان قورسی سوڕی مانگانە
- ئاوسانی مل بەهۆی گەورەبوونی غودەی دەرەقی
هۆکارەکان:
غودەی دەرەقی چەند هۆکارێکی هەیە کە ڕەنگە ڕژێنی تایرۆید هۆرمۆنی پێویست بەرهەم نەهێنێت:
- نەخۆشی بەرگری خۆکار (Hashimoto’s thyroidititis): باوترین هۆکارە. سیستەمی بەرگری لەش هێرش دەکاتە سەر ڕژێنی غودەی دەرەقی و بە تێپەڕبوونی کات زیانی پێدەگەیەنێت.
- نەشتەرگەری غودەی دەرەقی یان بەرکەوتن بە تیشکی بەهێز: لابردنی یان تێکدانی غودەی دەرەقی دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی هۆرمۆن.
- کەمی یۆد: یۆد پێویستە بۆ بەرهەمهێنانی هۆرمۆنی تایرۆید، هەرچەندە ئەمە لەو شوێنانەدا دەگمەنە کە خوێی یۆدیان تێدایە.
- هەندێک دەرمان: هەندێک دەرمان کاریگەرییان لەسەر کارکردنی غودەی دەرەقی هەیە.
- کەمبوونەوەی زگماکی غودەی دەرەقی: هەندێک لە کۆرپە لەدایک دەبن کە ڕژێنی غودەی دەرەقی گەشە نەکردووە یان نەماوە.
هۆکارە مەترسیەکان:
هەندێک کەس ئەگەری تووشبوونیان بە کەمی غودەی دەرەقی زیاترە لە هەندێکی تر. هۆکارەکانی مەترسی بریتین لە:
- مێ بوون بە تایبەت تەمەنی سەرووی ٦٠ ساڵ
- پێشینەی خێزانی نەخۆشی غودەی دەرەقی
- هەبوونی حاڵەتێکی بەرگری خۆکار، وەک جۆری یەکەمی شەکرە یان هەوکردنی جومگەی ڕۆماتیزمی
- پێشتر نەشتەرگەری غودەی دەرەقی یان تیشکدانەوە بۆ مل
- دووگیانی یان منداڵبوونی بەم دواییە (هەوکردنی غودەی دەرەقی دوای منداڵبوون)
دەستنیشانکردن:
ئەگەر تۆ یان پزیشکەکەت گومانت لە کەمی غودەی دەرەقی هەبێت، پشکنینی سادەی خوێن دەتوانێت پشتڕاستی بکاتەوە. دوو تاقیکردنەوە سەرەکییەکە بریتین لە:
TSH (هۆرمۆنی هاندەری تایرۆید): ئەگەر TSH بەرز بێت، زۆرجار مانای ئەوەیە کە تایرۆید هۆرمۆنی پێویست دروست ناکات.
Free T4 (Thyroxine): ئەمەش ئاستی هۆرمۆنی ڕاستەقینەی تایرۆید لە خوێنتدا نیشان دەدات. ئاستی نزم کەمی غودەی دەرەقی پشتڕاست دەکاتەوە.
هەروەها لە هەندێک حاڵەتدا پزیشکەکان دەتوانن پشکنینی دژەتەنی تایرۆیدیش بکەن بۆ ئەوەی بزانن ئایا حاڵەتێکی بەرگری خۆکار هۆکارەکەیە یان نا.
چارەسەر:
چارەسەری خودی بەبێ ڕاوێژی پزیشک کارێکی هەڵەیە!
هەواڵە خۆشەکە ئەوەیە کە کەمبوونەوەی غودەی دەرەقی چارەسەر دەکرێت. چارەسەری سەرەکی بریتییە لە:
لیڤۆتایرۆکسین: هۆرمۆنێکی دروستکراوی غودەی دەرەقییە کە ڕۆژانە وەک حەب دەخورێت. ئاستی هۆڕمۆنی ئاسایی دەگەڕێنێتەوە و نیشانەکانی پێچەوانە دەکاتەوە.
کاتێک چارەسەرکردن دەستی پێکرد، پشکنینی بەردەوامی خوێن پێویستە بۆ دڵنیابوون لەوەی کە تۆ لە ژەمی گونجاودایت. لەوانەیە چەند هەفتەیەک بخایەنێت تا نیشانەکان باشتر دەبن و زۆربەی خەڵک پێویستیان بە چارەسەری تەواوی ژیانیان هەیە.
خۆپارێزی:
ئایا دەتوانرێت ڕێگری لە کەمبوونەوەی غودەی دەرەقی بکرێت؟ لە کاتێکدا زۆرێک لە حاڵەتەکان، بە تایبەت ئەوانەی کە بەهۆی نەخۆشییە بەرگرییە خۆکارەکانەوە ڕوودەدەن، ناتوانرێت ڕێگری لێبکرێت، بەڵام هێشتا دەتوانیت هەنگاوەکان بنێیت بۆ پشتگیریکردنی تەندروستی تایرۆید:
- خۆراکی هاوسەنگ بخۆ کە یۆدی پێویستی تێدابێت (لە خوێی یۆد کراو و شیرەمەنی و خواردنە دەریاییەکاندا هەیە).
- دوور بکەوەرەوە لە زۆر بەرکەوتنی تیشک لە ناوچەی مل.
- پشکنینی تەندروستی بەردەوام بکە، بە تایبەت ئەگەر هۆکاری مەترسیت هەیە.
- ئاگاداربە لە گۆڕانکارییەکانی جەستەت وەک ماندوێتی، زیادبوونی کێش، یان گۆڕانی باری دەروونی و لەگەڵ پزیشکەکەت باسی بکە.
لە کۆتاییدا:
لە کۆتایی، کەمبوونەوەی غودەی دەرەقی حاڵەتێکی باوە کە ئەگەر چارەسەر نەکرێت، کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر کوالیتی ژیانت دەبێت. خۆشبەختانە دەتوانرێت بە ئاسانی دەستنیشان بکرێت و بەڕێوەبچێت بە دەرمان و چاودێری دروست. ئەگەر هەستت بە نیشانەکان کرد یان هۆکاری مەترسیت هەیە، دوودڵ مەبە لە ڕاوێژکردن بە پزیشکی پسپۆر. ئاگاداربوون یەکەم هەنگاوە بۆ باشترکردنی تەندروستی.
سەرچاوەکان:
- Healthdirect Australia. (2024, December 17). Hypothyroidism. https://www.healthdirect.gov.au/hypothyroidism
- Hypothyroidism (underactive thyroid) – Symptoms and causes. (n.d.). Mayo Clinic. https://www.mayoclinic.org/diseases-conditions/hypothyroidism/symptoms-causes/syc-20350284
- Hypothyroidism (Underactive thyroid). (2025, March 10). Cleveland Clinic. https://my.clevelandclinic.org/health/diseases/12120-hypothyroidism
- Hypothyroidism (Underactive thyroid). (2025a, January 15). National Institute of Diabetes and Digestive and Kidney Diseases. https://www.niddk.nih.gov/health-information/endocrine-diseases/hypothyroidism
- American Thyroid Association. (2020, June 8). Hypothyroidism | American Thyroid Association. https://www.thyroid.org/hypothyroidism/
- Website, N. (2023, May 24). Underactive thyroid (hypothyroidism). nhs.uk. https://www.nhs.uk/conditions/underactive-thyroid-hypothyroidism/