لەوانەیە هەموو کەسێك لە ژیانیدا تووشی ئازاری پشت بووبێت. هەندێك جار ئازارەکە کەمە و هەندێك جاریش ئەوەندە تووندە کە کاریگەری خراپی لەسەر ژیانی رۆژانەی کەسەکە دەبێت. هۆکاری ئازارەکە دەکرێت لەهەر پێکهاتەیەك بێت کە پشت پێکدێنێت وەك دیسکی نێوان بڕبڕەی پشت، ماسولکەکان، کرکڕاگەکان، ژێ و بەستەرەکان. هۆکارێکی باو بریتییە لەو ئازارەی لەئەنجامی زیان گەیاندن بە جومگەکان پەیدادەبێت. جگەلەوەش، کاتێك پێکهاتەکانی پشت بەهۆی پیری تێکدەچن ئەوا کەسەکە تووشی هەوکردن و سەوەفان دەبێت.
هۆکارەکان
- خووی وەستان بە شێوازێکی ناتەندروست
- قەڵەوی: کە فشاری زیاتر دەخاتە سەر پێکهاتەکانی پشت
- دووگیانی
- خواربوونی پشت: کاتێك بڕبڕەی پشت ڕاست نەبێت و وا دەربکەوێت کە لاربێتەوە. ئەمەش لە تیشکی ئێکسدا دیار دەبێت بە شێوەی پیتی “C” یان “S”.
- شکانی بڕبڕەی پشت
- ژانی بەربڵاوی لەش (fibromyalgia): لەم حالەتەدا کەسەکە هەست بە ئازار دەکات لە هەموو بەشی لەشی بەتایبەتی لە ماسولکە و ئێسكەکاندا. بەزۆری کەسەکان دوای هەوکردن، زەبر، نەشتەرگەری، یان هۆکاری دەروونییەوە تووشی دەبن. جگە لە ئازار، کەسەکان کێشەی باری دەروونی و بیرەوەری و کێشەی خەوتن و ماندوێتییان هەیە.
- ڕۆماتیزم: حاڵەتێکی بەرگری خۆکارە کە وا دەکات سیستەمی بەرگری هێرش بکاتە سەر پێکهاتە تەندروستەکانی لەش بەتایبەتی جومگەکان. کاتێك ناوپۆشی جومگەکان لەناو دەچێت، جوڵە سنووردار دەبێت و دەبێتە هۆی لێکخشاندنی ئێسەکەکان و ئازارێکی زۆر. هەروەها، دڵ و سییەکان و چاو و پێست و خوێنبەرەکان هەموویان تێکدەچن لە ئەنجامی هەوکردنی درێژخایەن.
- بەردی گورچیلە: بەردی گورچیلە کە لە بۆڕی میزدا گیر دەبێت، دەبێتە هۆی سنووردارکردنی ڕۆیشتنی میز و هەوکردنی گورچیلە و دەبێتە هۆی کرژبوونی بۆڕی میز، هەموو ئەمانە ئازارێکی زۆریان هەیە. لەبەرئەوەی گورچیلەکان دەکەونە بەشی پشتەوەی لەش، ئەوا ئازارەکە لە پشت و تەنیشتەکاندا هەست پێ دەکرێت.
- (Ankylosing spondylitis): ئەمەش جۆرێکی هەوکردنی درێژخایەنە کە کاریگەری لەسەر جومگەکانی نێوان بڕبڕەی پشت دەبێت. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ئێسکەکان بە تێپەڕبوونی کات لەگەڵ یەکتردا یەکبگرن. ئەمەش دەبێتە هۆی سنووردارکردنی مەودای جووڵە.
- گەشەکردنی شانەی منداڵدان لە شوێنی تری لەش (Endometriosis): لە کەسانی ئاساییدا شانەی منداڵدان تەنها لە رەحمدا هەیە، بەڵام هەندێك جار لە هێلکەدان و حەوز و بۆڕی هێلکەدان گەشەدەکات، ئەمەش دەبێتە هۆی ئازاری زۆر. ئازارەکە هاوشێوەی ئازاری سوڕی مانگانە کە لە بەشی خوارەوەی پشت هەست پێدەکرێت، بەڵام بە توندی زیاتر.
- قۆڕی دیسکی بڕبڕەی پشت: ئەمەش کاتێك ڕوودەدات کە دیسکەکە لەشوێنی ئاسایی خۆی دەربچێت و پاڵ بە پێکهاتەکانی دەوروبەری خۆی بدات. بەزۆری دەمارەکان پاڵدەدرێن.
- سەوەفان: جومگەکان ڕۆڵێکی گەورەیان هەیە لە جوڵەدا و پێویستیان بە پاراستن و شلەمەنی هەیە بۆ ئەوەی لەکاتی جووڵە ئێسکەکان بە یەکتری نەخشێن. بەڵام لە سەوەفان، کڕکڕاگەکان وردە وردە تێكدەشکێن و وادەکات ئێسکەکان بەریەك بکەون.
- کەمپتەوبوونی ئێسك: بە شێوەیەکی ئاسایی دوو پرۆسە لە ناو ئێسکدا ڕوودەدەن، تێکچوونی ئێسک و گەشەکردنی ئێسکی نوێ لە شوێنی خۆیدا. کاتێک تێکچوونی ئێسک خێراتر ڕوودەدات لە چاو دروستبوونی ئێسکی نوێ، ئەوە دەبێتە هۆی ئەوەی ئێسکەکان ناسکتر بن و بە ئاسانی تووشی شکان بن.
- شا دەمارە ژان (Sciatica): دەماری sciatic لە بەشی خوارەوەی پشتەوە لە حەوز دەست پێدەکات و بە درێژایی قاچدا تێدەپەڕێت. کاتێك کە پاڵەپەستۆ لەسەر ئەم دەمارە هەبێت، بەزۆری بەهۆی قۆڕی دیسکی بڕبڕەی پشت ، لەوانەیە ببێتە هۆی ئازار و بێهێزی و هەستی مێروولەکردن.